Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ئاسن لە سەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە

مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا:

• تەنیا بەڵێن نادەین بەڵکو لەپێناو بەهێزترکردنی ئابووری کوردستان جێبەجێیان دەکەین
• هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی هەنگاوی باشی بڕیوە
• بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات

 

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، رۆژی سێشەممە 18ی ئایاری 2021، یەکێک لە گەورەترین و پڕ بەرهەمترین کارگەی ئاسن و شیشی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە، کە بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلار دروستکراوە.


سەرۆکی حکومەت لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکە لە وتارێکدا رایگەیاند "ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، بەڵکو بەڵێنەکانیش جێبەجێ دەکەین، ئەو کاتەشی کە بەڵێنماندا پشتیوانی کەرتی تایبەت و هەڵسانەوە و پێشخستنی ئابووری کوردستان بکەین، بە کردار ئەوەمان کردووە.

دڵخۆشی خۆشی بە کردنەوەی کارگەی (مید ستیل) بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن و شیش دەربڕی کە بە پێی پێوەرە جیهانییەکان دروستکراوە و توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی 350 تۆن ئاسن و شیش و پۆڵایە نەک بۆ کوردستان بەڵکو بۆ تەواوی عێراق، کارگەکە هەلی کار بۆ هەزار کەس دەرەخسێنێت.
ئەمەش پوختەی وتارەکەیە :
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ڕێزان ئاماده‌بووانی هێژا رۆژتان باش

من زۆر خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم له‌ بۆنه‌یه‌كی دیكه‌ لێره‌ ئاماده‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی ئاسنی "مید ستیل" له‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ ئه‌و راستییه‌ نیشان ده‌دات، كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامین له‌ پشتیوانیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌تایبه‌ت له‌م بۆنه‌یه‌دا كه‌ ئه‌م "مید ستیل"ه‌ له‌ بواری پیشه‌سازی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئێمه‌ ته‌نیا به‌ڵێن ناده‌ین، به‌ڵكو به‌ڵێنه‌كانیشمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت به‌ڵێنی ئه‌وه‌ماندا، كه‌ پشتیوانی كه‌رتی تایبه‌ت بین، هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری كوردستان. لێره‌دا خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینم كارگه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ به‌ ستاندارێكی جیهانی دروستكراوه‌ و گه‌وره‌ترین و پێشكه‌وتووترین كاریگه‌ی ئاسنه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

گوێمان لێبوو، كه‌ ئه‌م كارگه‌یه‌ ساڵانه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی 350 هه‌زار تۆن ئاسن و ستیلی هه‌یه‌، كه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ كوردستان، به‌ڵكو بۆ عێراقیش ده‌توانێت ئه‌و خزمه‌ته‌ فه‌راهه‌م بكات و به‌رهه‌مه‌كانی بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌یش بنێرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی کە هه‌لیكار بۆ زیاتر له‌ 1000 كه‌سیش ده‌ڕه‌خسنێت.

جێی شانازییه،‌ كه‌ ده‌بینین هه‌رێمی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ پڕۆژه‌ی ستراتیژی دروستده‌كات له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكان و لەسەر ئاستی هەموو كوردستانیشدا. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌یدات بۆ هه‌مه‌جۆركردنی ژێرخانێكی به‌هێزی ئابووری له‌ كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئێمه‌ پشت به‌ تەنیا سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات نه‌به‌ستین.

كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كانزاكانی و بە سامانه‌ سرووشتییه‌كه‌ی، به‌ڵام تاكو ئێستا وه‌كو پێویست سوودی لێوه‌رنه‌گیراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ دروستكردنی ئه‌و ژێرخانه‌ ئابوورییه‌ی كه‌ پێویسته‌ كوردستان بخاته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو.

به‌مجۆره‌ هه‌وڵانه‌ من دڵنیام، كه‌ هه‌م ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ كوردستان ده‌كه‌ن سوودمه‌ند ده‌بن، هه‌م خه‌ڵكی كوردستانیش له‌م به‌رهه‌مانه‌ سوودمه‌ند ده‌بن.

لەبەرئەوە ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانیكردنی ئه‌مجۆره‌ هه‌وڵانه‌ و سوپاسی هه‌موو ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین و جارێکی دیکەش داوا له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كه‌ین، كه‌ به‌رده‌وام وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌موو كه‌رته‌كان، وه‌كو كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، ته‌نانه‌ت لە بواری خوێندن و فێركردن و كه‌رتی ته‌ندروستیش بكه‌ن، ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ و گه‌وره‌مان هه‌یه‌، روئیایه‌كی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو روویەكه‌وه‌، بۆ ئەوە‌ پێویستمان به‌ هاوكاری یه‌كتر هه‌یه‌.
خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینم ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌مان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو رۆژ به‌ رۆژ به‌رهه‌می ئه‌و جۆره‌ به‌ڵێنانه‌ ده‌بینن، رۆژ به‌ رۆژ ده‌بینین كه‌ كوردستان هه‌نگاوێكی زیاتر ده‌هاوێژێت بۆ ئه‌وه‌ی پێشبكه‌وێت، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ کە ئێمە به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیگیریكردنتان و ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م، ده‌ستخۆشی له‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز (سەبری ئۆزێل ) ده‌كه‌م بۆ ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌، كه‌ له‌م بواره‌ كردوویانه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

هیوادارم هه‌مووتان سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز و سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست بن.

جارێكی دیكه‌ سوپاس و هه‌ر له‌ شادیدا بن.