سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان- هەولێر دەکات
مەسرور بارزانی :
• هه‌رێمی كوردستان دەکرێ ببێتە سه‌نته‌رێكی ئابووری و بازرگانی و شوێنی وه‌به‌رهێنان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
• حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی دادپەروەرانە كار ده‌كات بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ گه‌نجان.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان--هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020 2020-2021 بۆ بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا کرد.
سەرۆکی حکومەت گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی: ئێوه داینه‌مۆ و خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن، پێویسته وه‌به‌رهێنان له تواناكانتان بكه‌ن لە پێناو خزمه‌تکردن و پێشخستنی كوردستان.
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
قوتابیانی ئازیز و ده‌رچووانی به‌ڕێز:
زۆر خۆشحاڵم و مایه‌ی شانازییه لێره له‌گه‌ڵتانم، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه ده‌خوازم، سوپاسی خێزان و كه‌سوكارتان ده‌كه‌م بۆ پشتیوانیکرنتان.
پیرۆزه، ئێوه توانیتان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و قۆناغی قوتابییەتی ده‌رباز بكه‌ن، له ڕاستیدا ژیانی قوتابیەتی باشترین ساڵه‌كانه، بۆیه هیوادارم ئێوه چێژتان له ژیانی قوتابیەتی دیتبێت، شانازی بكه‌ن به یاده‌وه‌رییه‌كانی ژیانی قوتابیتان، پابه‌ند بن به‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی له‌م ساڵانه دروستتان کردووە.
ڕەنگە زۆرێك له ئێوه، یه‌كه‌م كه‌س بن له ناو خێزانه‌كانتاندا، كه ده‌رده‌چن و هیوادارم ئێوه نه‌بنه دوایین كه‌س.
زۆرباش دەزانم ژیانی قوتابیەتی سەختە و منیش ئه‌و ئه‌زموونەم هەبووە، ئاشکراشە كۆرۆنا بووه هۆی تێكچوونی باری خوێندن و دابڕان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتان و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بوونه به‌شێك له ڕابردوو، وانه‌كان بوونه ئۆنلاین و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا و قوتابی دروست كرد، كه زۆر پێویسته بۆ درووستكردنی متمانه و وردبینی ئه‌كادیمی، به‌ڵام سه‌رباری قه‌یرانی دارایی و كۆرۆنا، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر خێزانه‌كان دروستكرد، ئێوه كۆششتان كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه بچن، خۆڕاگری ئێوه ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی پێشاندا، كه له هه‌موو هه‌رێمی كوردستان خاڵێكی هاوبه‌شه، کە ئه‌ویش کۆڵنەدانە.
پێشتریش گوتوومه، هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده به سه‌رچاوه مرۆییه‌كان و من له هه‌ولێر هەستم بەوە کردووە و له سه‌ردانه‌كانیشمدا بۆ سلێمانی به هه‌مان شێوه بینیومه.
ئەو دەوڵەمەندییەم له ئافره‌تێكی ئێزدی گه‌نج بیستووه كه نانه‌واخانه‌یه‌كی بچووكی دروست كردووه و داهاتی كۆمه‌ڵێك خێزان دەستەبەر دەکات، یان ئه‌و گه‌نجانه‌ی زاخۆ، كه قوتابیان و خاوەنکاران كۆده‌كه‌نه‌وه بۆ كۆنفرانسێك له ساڵی داهاتوودا، کە هاوكار ده‌بێت بۆ پڕچه‌ككردنی خه‌ڵك به‌و به‌هرانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه پێویستن، یان ئه‌و كچه گه‌نجه‌ی له دهۆك، كه هه‌موو ڕۆژێك دره‌خت ده‌چێنێت، ئەمەش بووه هۆی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن كۆنفرانسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا بانگهێشت بكرێت، ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ی ئومێد و جێی شانازین و بنیاتنه‌ری داهاتوومانن. وه‌ك چۆن ئێوه سه‌رچاوه‌ی هێز و گه‌شه‌سه‌ندنن.
له ڕاستیدا به توانای ئێوه، هه‌رێمی كوردستان دەکرێ ببێتە سه‌نته‌رێكی ئابووری و بازرگانی و شوێنی وه‌به‌رهێنان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا. پابه‌ندم به‌وه‌ی هاوكارتان بم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانتان به‌دیبهێنن. زۆر خۆشحاڵم ئه‌و هزره ده‌ستپێشخه‌ریانه ببینم، كه نه‌وه‌ی ئێوه گه‌شه‌یان پێ دەدات.
ساڵی رابردوو، ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نج و گرووپه خاوەنکارانەم بینی و به‌رپرسێكی گرووپه‌كه گله‌یی له رووتین و بیرۆكراسی له تۆماركردنی كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ی نوێ هه‌بوو، كاتێكی زۆری خایاند و پاره‌یه‌كی زۆری پێویست بوو، ئەمە گیانی كاركردنی گه‌نجانی ئێمه‌ی ماندوو دەکرد و من ئاگاداری ئه‌و كێشه‌یە بووم، بەڵام توانیمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین. هه‌ر بۆیه پابه‌ندم به هاوكاریكردنی ئێوه بۆ بنیاتنانی داهاتووی كوردستان.
بێگومان کارنامە و پلانی حكومه‌ت هه‌رگیز به بێ هاوكاری ئێوە جێبه‌جێ نابێت ، پێویستمان به پشتیوانیتانه و پێویستمان بە ئێوەیە، ده‌مانه‌وێت ئه‌و گه‌نجه به به‌هره‌مەند و به توانایانه، ببنه به‌شێك له پێشخستن و به‌هێزكردنی ماڵه گه‌وره‌كه‌مان و ببنه به‌شێك له چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی دادپەروەرانە كار ده‌كات بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ گه‌نجان، له ڕێگه‌ی پرۆسەی چاكسازی له حكومه‌ت و به مۆدێرنكردنی ئابووری و دروستكردنی ئابوورییه‌كی دادپه‌روه‌رانه بۆ هه‌موو لایه‌ك.
ئێمه كار ده‌كه‌ین بۆ دروستكردنی داهاتوویه‌كی گه‌شتر و باشتر بۆ ئێوه. ئێوه داینه‌مۆ و خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن، پێویسته وه‌به‌رهێنان له تواناكانتان بكه‌ن لە پێناو خزمه‌تکردن و پێشخستنی كوردستان.
ئێستا، كه ئێوه ده‌رچوون، كاتی ئه‌وه‌یه بچنه گۆڕەپانەکانی کارکردن و ئه‌ركی سه‌رشانتان به‌جێبهێنن و كار بكه‌ن و دروستكه‌ر و داهێنه‌ر بن، ته‌واوكه‌ر بن و وڵاتەکەتان بنیاتبنێن، تاوه‌كو هه‌موومان چێژ له داهاتووییه‌كی باشتر وه‌ربگرین.
زۆر سوپاستان دەکەم .