Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشانگەی کشتوکاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەکان لە هەولێر دەکاتەوە.

سەرۆکی حکومەت :

  • له‌ هه‌موو سه‌ردانه‌كانماندا بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ بازاڕێكی ده‌ره‌كی بۆ به‌روبوومه‌كانی ناوخۆیی دروست بكرێت.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین پێشانگەی کشتوکاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەکان لە شاری هەولێر کردەوە کە لەلایەن هەر دوو وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگه‌یاند، ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ هاوبه‌شه‌، ده‌ستپێكێكی زۆر باش ده‌بێت بۆ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقدا.

سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی: ئه‌مڕۆ لێره‌ین و به‌شداری ئه‌و پێشانگه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی فیدراڵ ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ هاوبه‌شه‌ ده‌ستپێكێكی زۆر باش ده‌بێت بۆ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌م، كه‌ پشگیری ئه‌م پێشه‌نگەیه‌یان كردووه‌.

گوتیشی: ئه‌م پێشانگه‌یه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكێك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ نێوان جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق په‌ره‌بستێنێت، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌و ئه‌جێندایه‌ی ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هه‌میشه‌ داكۆكیمان لێكردووه‌ بۆ ئەوەی داهاتی كوردستان و عێراقیش هه‌مه‌جۆر بكه‌ین.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وام بێت دەتوانین به‌م پاڵپشتییانه‌ زیاتر په‌ره‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵی بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ناوخۆدا هه‌ن، نه‌ك ته‌نیا به‌شی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ و عێراق بكه‌ن، به‌ڵكو بۆ شوێنه‌كانی تریش ڕه‌وانه‌ بكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێمه‌ لێره‌وه‌ داوامان كردووه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ رێگه‌خۆشكردن بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ساغ بكرێنه‌وه‌ و بتوانن وه‌ربگیرێن، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ هه‌موو سه‌ردانه‌كانیشماندا بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ بازاڕێكی ده‌ره‌كی بۆ به‌روبوومه‌كانی ناوخۆیی دروست بكرێت.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیكرده‌وه‌، ئه‌م پێشانگایه‌ی ئه‌مڕۆ بینیم، به‌م هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا ڕوویداوه‌، ئه‌مه‌ جێی دڵخۆشییه‌ و هیوادارم هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو بن و ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت له‌ حكومه‌تی هه‌رێم پشتیوانیان ده‌بین.