سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سوید دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید کرد .
لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید، ئاماژەی بە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی و ڕۆڵی گرنگ و دیاری ڕەوەندی کورد لە سوید کرد و بە ڕێز و پێزانینەوە، ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی سوید بۆ پشتیوانیی لە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن بە ئاراستەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کرد.
دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.