سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات
![](/media/8257/img_4864-1400.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190300000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی ئەڵمانیا، سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەشی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە دیدارەکەدا، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق و ئەڵمانیا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە کرا.