سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆکی حکومەت کرد و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ عێراقێکی فیدرال و سەقامگیر و خاوەن سەروەری دووپاتکردەوە.
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمەریکا ، جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کردەوە کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چارەسەر بکات.