Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئوردن دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە فوئاد خازر ئەلمەجالی کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان کرد .
سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی نوێی ئوردن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن . هەڵوێستی دۆستانەی شاعەبدوڵڵا و ئوردنیشی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاکاندا بەرز نرخاند.
کونسوڵی گشتیی ئوردن، سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ کونسوڵگەریی ئوردن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی .