سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جێنیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران.
لە کۆبوونەوەکەدا،کە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و تایبەتی هەرێمی کوردستان دا کە ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێم دەڕوانێت و سەردانەکەشی بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێم کرد و کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری خستەڕوو .
هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی عێراق و ئەمەریکا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.