سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات
ھەولێر، ھەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 6ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جیسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عیراق کرد.
لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سوید و هەرێمی کوردستان و بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
باڵیۆزی سوید ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حوکمڕانییەکی ئەلیکترۆنی و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ خستەڕوو .
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.