سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌نگاريا كۆبووه‌وه
![](/media/17366/whatsapp-image-2022-12-10-at-100819.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190600000000)
ئه‌مڕۆ شەممە 10ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، له‌گەڵ کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاريا کۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا،گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌نگاريا و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان له هه‌رێمى كوردستان كرا.
سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی هەنگاریا دەربڕی و سوپاسی وڵاتی هەنگاریای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان . سەرۆکی حکومەت هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەنگاریا دووپات کردەوە.
سەرۆکی ھەنگاریا وێڕای ستایشکردنی قارەمانیێتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ، ئاماژەی بە ئاسایش و سەقامگیریی و پێشکەوتن و ئاوەدانیی شاری ھەولێر و ھەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەربڕی .
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.