سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەکات
ئهمڕۆ سێشهممه 13ی دیسێمبەر، مەسرور بارزانی سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ڤيلله ڤاريۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد .
لە دیدارەکەدا کە تۆرکیلد بیوک بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا، بە تایبەتی پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی و هەناردەکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، هەروەها باس لە گرنگیی چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی کوردستان و دەرفەتەکانی هاریکاریکردنی یەکێتیی ئەوروپا لەم بوارەدا کرا.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تەرخانکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم و لە سەر بنەمای دەستوور، دەکرێ ببێتە دەستپێکێکی باش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی .