سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مایکل ڕێنتەنار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە هانس ئاکربووم کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی هۆڵەندا، بە پێزانینەوە ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی و هاوکارییەکانی هۆڵەندای کرد بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی کەرتی گشتیی و تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرنگیی ئابووری و پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەی کۆچبەران لە ئەوروپا کرا و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، بە ئەرێنی و کاریگەر نرخێنرا.