سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا (ئۆستریا) دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گیرۆڵد ڤۆڵمەر سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و باشووری ئەوڕوپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئۆسکار ڤوستنگەر باڵیۆزی نەمسا لە عێراق و ئوردن کرد .
لە دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نەمسا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا .
سەرۆکی حکومەت بە پێزانینەوە ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی وڵاتی نەمسا لە گەڵ هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی ئەو وڵاتە لە خەڵکی کوردستان کرد.
شاندی نەمسا خواستی وڵاتەکەیان بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا دەربڕی.
چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپا و گرنگیی ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.