پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یادی یەکێک لە تاوانە گەورە و لەبیرنەکراوەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە کۆمەڵکوژیی و جێنۆسایدکردنی نزیکەی هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە. یادکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە، ئەمسال زۆر خەمناکترە، چونکە هاوکاتە لە گەڵ هێنانەوەی ڕووفاتی سەد ئەنفالکراوی دیکەی بارزانی، لە بیابانەکانی باشووری عێراقەوە بۆ کوردستان و زێدی خۆیان لە بارزان.
دەڤەری بارزان، زیاتر لە سەدەیەکە مەڵبەندی کوردایەتیی و شۆڕش و ڕاپەڕین بووە لە دژی ستەم و زۆرداریی و داگیرکاری. پەناگەیەکی لێبوردە و ئارام بووە، بۆ هەموو ئەوانەی لە دژی بێدادی و ستەمکاری ڕوویان تێکردووە. بۆیە هەمیشە ئەو دەڤەرە، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری سەربازی و وێرانکاری و بۆمباران و بەکارهێنانی چەکی قەدەخە بووەتەوە.
شاڵاوی جێنۆسایدی بارزانییەکانیش، بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان لە دژی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کە بووە دەستپێکیش بۆ ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان .
لە یادی ئەم کۆمەڵکوژییە هۆڤانەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە، یادکردنەوەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی هەموو ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال .
هەروەها پێویستە بە پێزانینەوە، یادی قوربانیدان و خۆڕاگری دایکانی میهرەبان و کەسوکاری قوربانییەکان بکەینەوە، کە زۆر سەربەرزانە ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و لێکەوتەکانی ئەم تاوانە گەورەیە بوونەوە. هەروەها سوپاسی جوامێری و بەهاناوە چوون و هاریکاری و هاوسۆزی خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان.
لەم یادەدا، جارێکی دیکەش پێداگری لە سەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکەینەوە، کە دەبێ لەلایەن حکومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە هەروەک لە دەستووردا هاتووە، کە بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە، وەک زۆر ماددەی دیکەی دەستوور، بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی دەستی ڕژێمی پێشوو، پشتگوێ خراوە و نابێ چیتر ئەم بابەتە فەرامۆش بکرێت.
پێویستە گەلی کوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کراون و جارێکی دیکە، لە ژێر هیچ پاساوێک و بۆ هیچ مەرامێک، نابێت ئامادەبن ئازادی و حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبەری خەڵکی کوردستان، بکەنە قوربانی و لە دەستی بدەن.
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان .
هەمیشە لە یادمانن و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
31ی تەمموزی 2022