Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بە سەردانی سەرکەوتووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنی لە ئاستێکی باڵا و دیدارو کۆبوونەوەکانی کرد کە دەبێتە هۆی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. بەتایبەتی بڕیارە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، کار لەسەر ئەنجامەکانی سەردانەکە لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و هەماهەنگیی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستان بکەن .
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا دووپات کردەوە.
بارودۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.