سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دووپات دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئاداری 2022 ، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر بەشداری له ڕێورەسمی یادی رۆژی جیهانیی ئافرهتان لهژێر ناوونیشانی (یەکسانی جێندەری ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام)کرد و لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان، ئافرەتانی پێشمەرگە نموونەی ئازایەتیی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون و بوێری ئافرەتی کورد ، ناوی کوردستانی بەرزتر کرد.
ئەمەش دهقی گوتاری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستانە :
بە ناوی خوای گەورە ومیهرەبان
بەڕێزان:
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم و خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم . پێش ئەوەی دەست بە وتارەکەم بکەم ، حەزدەکەم ئاماژەی بە قسەکانی خاتوو بەیان عوسمان ( دایکی سێ شەهیدی گوندی خدر جیجە ) بکەم و پێی بڵێم کە ئێمە چەند شانازیت پێوە دەکەین . شانازی به شێرهژنی كوردستان دهكهین، شانازی به ههموو دایك و خوشك و خێزان و كچی شههیدانمان دهكهین، ئهو قوربانییهی ئێوه داوتانه، ئێمه ههرچی بكهین ناتوانین قهرهبووتان بكهینهوه، جگه لهوهی درێژهپێدهری ئهو ڕێگه پیرۆزه بین و ئێمهش ئامادهبین وهكو كوڕه شههیدهكانت گیانی خۆمان له پێناو گهل و نیشتمانمان بهخت بكهین.
دهمهوێت ئاماژه بهوه بكهم، ئهو ههموو غهدر و زوڵم و ناحهقیهی بهرامبهر به خوشك و دایكانی ئێزدی كرا، دهبینین دیسان ئهوان بهردهوامن له كاركردن و خزمهتكردن، نهك تهنیا ورهیان نهڕووخا، بهڵكو وره به ئێمهش دهبهخشن.
خۆشحاڵم كه دهبینم چهندین خانمی سهركهوتوو لێرهن، ههندێكیان باسی خۆیان كرد، زۆرێكشیان دهرفهتیان نهبوو بێنه ئێره و باسی چیرۆكی سهركهوتنی خۆیان بكهن له كوردستان، دڵنیام به بهشداری كارا و زیاتری ئافرهت، دهتوانین كوردستانێكی ئاوهدانترمان ههبێت.
سەرەتا بە بۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی خانمان و گەشەپێدان و گشت رێکخەرانی ئەم بۆنەیە دەکەم، کە تایبەتە بە رێزگرتن لە رۆژی جیهانی ئافرەتان لە ژێر ناوونیشانی یەکسانی جێندەری ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام.
ئاشکرایە ئافرەتانی کوردستان، لە درێژایی مێژووی گەلی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی ژیان و هەروەها خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا هەبووە. لە راپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان، ئافرەتانی پێشمەرگە نموونەی ئازایەتیی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون و لە رووی وڵاتپارێزی و گیان بەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان شانبەشانی برا پێشمەرگەکان، رۆڵی بەرچاویان هەبووە و بوێری ئافرەتانی کورد، ناوی کوردستانیان بەرزتر کرد.
ئەمڕۆش ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی دیار و کارا لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن، ئافرەتانی پۆلیس و ئەفسەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان، توانیویانە ئاستی لێهاتوویی رۆڵی کاریگەری ئافرەت بسەلمێنن.
بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریی ژنان و ئافرەتانی کوردستانیش له سەرجەم بوارهكانی ژیاندا، پێشکەوتنێکی بەرچاو و پەیام و ئاماژەیەکی روونی کۆمەڵگەی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ زیاتر برەودان بە بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەك لە دژی ئافرەتان. بۆ نموونە لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی بەشداری ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەت و سەرۆکایەتیکردنی زانکۆکان و بەشداریان لە جومگەکانی تری حکومڕانی و بوارە خزمەتگوزارییەکان و کەرتی تایبەتیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بێگومان کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان و بەهێزکردنی پێگە و بەشداری ئافرەتان لە هەموو کایەکانی ژیان و بەتایبەتی بەڕێوەبردندا، تەنیا ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی نییە، چونکە خێزان و سیستمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئێمە هەموومان بەیەکەوە، دەتوانین ڕۆڵێکی کاریگەرمان هەبێت لە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان و پەرەپێدانی تواناکانیان، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارای خۆیان لە نێو کۆمەڵگەدا بگێڕن. هەروەها پێویستە کار بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی جێندەری بکەین، لە ڕێگەی دابینکردن و هێنانەئارای زەمینە و ژینگەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. چونکە دەبێ ئافرەتان، بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەدا، دیاردەی نەگریسی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە شێوەی جۆراوجۆر هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێتەوە و پابەندبوونی خۆشی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دووپات دەکاتەوە. لەم پێناوەشدا حکومەت، بەردەوامە لە کارکردن بۆ بنبڕکردن و سنووردانان بۆ ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بەتایبەتی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەم کە هاوکار بن و ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی خۆیان لە پەرەپێدانی کولتووری یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بگێڕن و نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
جارێکی دیکە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان لە گشت ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئافرەتان و کۆمەڵگە بەگشتی، لە ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتندا بن و دووربن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.
سوپاستان دهكهم.