سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری گواستنەوەی عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە
ناسر حسێن ئەلشبلي وەزیری گواستنەوەی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە بواری گواستنەوە وگەیاندن کرا، بەتایبەتی لە ڕووی بەستنەوەی شارو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکتر و پاشان بە وڵاتانی دەوروبەر وجیهان لە ڕێگەی هێڵێکی پێشکەوتووی ئاسنینەوە ، هەروەها زیادکردنی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەکان، کە کاریگەرییەکی باشیان دەبێت لەڕووی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی وگەشتوگوزار، جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە ئەنجامدانی ئەم پرۆژە ستراتیجیانە، بە شێوەیەک بێت، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.