Skip to the content

لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی دواکەوتووی وانەبێژانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خەرج دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک لە ڕۆژانی ڕابردوودا ، یەکێک لە داواکارییەکانی هاووڵاتییان کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرا، بابەتی دواکەوتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو ، لە کاتێکدا کە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، ئەو شایستە داراییانە خەرج کراون، بەڵام لە دهۆک و زاخۆ مانگەکانی چوار و پێنج و شەشی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵ خەرج نەکراون.
لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، ئەم شایستە داراییانە بە دوو جار خەرج دەکرێت، بەشێکی پێش نەورۆز خەرج دەکرێت و بەشەکەی تر لە سەرەتای مانگی نیسان و بەو شێوەیەش کۆی شایستە داراییەکان خەرج دەکرێت و ڕێکاری پێویستیش گیراوەتەبەر کە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە خەرج بکرێت و دوانەکەوێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2022/3/16