Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی پشوو، لە کەشێکی ئارام و شادی وخۆشیدا بەسەر ببەن. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن.
لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان به خەبات و ئازاديی و ڕزگاربوون بووە. گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە ڕەواکانیدا، ڕۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە.

نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.


مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان