کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کورتهێنان وگرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجامدرا
بڕیاردرا؛ پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەویەت بێت و پێش هەر خەرجیەکی دیکە بێت و ئەو كورتھێنانەی ھەیە پڕ بكرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧\٥ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە وگرفتە داراییەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.
لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە؛ ئەرکی لە پێشینەی حکومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێوی هاووڵاتیان و حکومەت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات وئەرک وبەرپرسیارێتی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا وناوچەیەکی هەرێم بێت.
پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان وکێشە داراییەکان وپێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا وژمارەی پێویست خرانەڕوو، وئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان کردەوە کە؛ حکومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات وبەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمانکاتدا لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری وناوخۆ بە هەمئاهەنگی پارێزگاکانی سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین وسەرجەم دامەزراوە دارایی وبانکییەکان بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داهاتە گشتیەکان وگەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.
لەکۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆو دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.