سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری بەرگری هۆڵەندا کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 29 ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کایسا ئۆلۆنگریەن وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا کرد.
وەزیری بەرگری هۆڵەندا، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتەکەی دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانی شانشینی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان . هەروەها پێزانینی بۆ هۆڵەندا هەبوو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمە، لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە . سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای دراوسێیتی باش و ڕێز لەیەکترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش.
بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوو.