سەرۆکی حکومەت : هیوادارین دوای دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی عێراق، بتوانین بەیەكەوە یاسای نەوت و گاز ئامادە بکەین كە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراق و كوردستاندا بێت
هەولێر،هەرێمی كوردستان، (gov.krd) - ئەمڕۆ چوارشەممە 26-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز-دا گوتارێکی پێشکێش کرد گوتی : چاوەڕوان بووین دوای پەسندکردنی دەستوور، بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکرێت و دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەمە ڕووینەدا و هەندێک کەس بە حەز و ویستی خۆیان تەفسیریان بۆ دەستوور کرد، لە هەندێک شوێنیش دەستووریان یان جێبەجێ نەکرد یان لە بەرژەوەندی هەندێک کەس جێبەجێ کرا کە بەداخەوە خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش سوودمەند نەبوون .
سەرۆکی حكومهت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هەروەها گوتی : هەرێمی كوردستان خاوەن سامانێكی سرووشتیی زۆر و دەوڵەمەندە، بەداخەوە لە سەردەمی ڕژێمەكانی پێشووتر و لە ساڵانی رابردووش، ئەم سامانە لە جیاتی ئەوەی لە خزمەتی خەڵكی عێراق و كوردستاندا بەكار بێت، ڕژێمەكانی پێشووتر ئەم سامانەیان بەكارهێناوە بۆ كڕینی چەك و خۆپڕچەككردن و بەداخەوە چەوساندنەوەی خەڵك و هەڵگیرساندنی شەڕ و وێرانكاری، كە ئێمە تا پێش راپەڕینیش بەهیچ شێوەیەك، نەمانتوانیوە سوود لەو سامانە سرووشتییە ببینین، كە خوا بە خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەخشیوە. بەڵام سوپاس بۆ خوا، ساڵ دوای ساڵ، وەبەرهێنانی زیاتر لەم كەرتەدا كراوە و ئەم سامانە خراوەتە خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق بە شێوەیەكی گشتی.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا:
زۆر خۆشحاڵم كە لەم ماوەیەدا بەشدار بووین لە دانانی بەردی بناخەی چەندین پڕۆژەی گرنگ، یانیش كردنەوەی هەندێك لەو پرۆژە ستراتیژییانەی كە لە هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا ئەنجام دراون.
ئەمڕۆش خۆشحاڵم كە جارێكی تر لەگەڵ ئێوە، لێرەین بۆ بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز كە یەكێكە لە پاڵاوگە هەرە پێشكەوتووەكانی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی ستانداردی جیهانیش پاڵاوگەیەكی زۆر زۆر پێشكەوتووە.
جێی خۆیەتی من سوپاس و دەستخۆشی لە كۆمپانیای لاناز و ئەو وەبەرهێنەرانە بكەم كە وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام داوە و ئەم پاڵاوگەیەیان لێرە دروست كردووە، بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان و خزمەتێكی زیاتری دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان بكات. دەستتان خۆش و پیرۆزە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان.
ئەم پاڵاوگەیە، جگە لەوەی كە دەتوانێت خزمەتێكی زۆری هاووڵاتیان بكات لە ڕووی ئەو بەرهەمانەی كە لەم پاڵاوگەیەوە دەپاڵێورێن، دیسان بووەتە شوێنێك بۆ دەستەبەركردنی هەلی كار نەك تەنیا لەم ناوچەیە، بەڵكو لە هەموو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستانیش. دروستكردنی هەلی كار لە كوردستان، یەكێك بووە لەو بەرنامانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی بووە بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكرێت.
هەرێمی كوردستان، هەروەك بۆ ئێوەش دیارە، خاوەن سامانێكی سرووشتیی زۆر و دەوڵەمەندە، بەداخەوە لە کاتی ڕژێمەكانی پێشووتر و لە ساڵانی ڕابردووش، ئەم سامانە لە جیاتی ئەوەی لە خزمەتی خەڵكی عێراق و كوردستاندا بەكار بێت، ڕژێمەكانی پێشووتر ئەم سامانەیان بەكار هێناوە بۆ كڕینی چەك و خۆپڕچەككردن و بەداخەوە، چەوساندنەوەی خەڵك و هەڵگیرساندنی شەڕ و وێرانكاری. كە ئێمە تا پێش راپەڕینیش، بەهیچ شێوەیەك نەمانتوانیوە، سوود لەو سامانە سرووشتییە ببینین كە خوا بە خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەخشیوە.
بەڵام سوپاس بۆ خوا، ساڵ دوای ساڵ، وەبەرهێنانی زیاتر لەم كەرتەدا كراوە و ئەم سامانە، خراوەتە خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق بە شێوەیەكی گشتی.
پێشتر ئەگەر سامانی كوردستان بۆ خاپووركردن و وێرانكردنی گوندەكان بەكار هاتووە، ئێستا ئەم سامانە، بۆ ئاوەدانیی كوردستان بەكار دێت. ئێمە پێش ساڵی 2003، دوای ڕووخانی رژێمی پێشووتری عێراق، نەمانتوانی وەكو پێویست وەبەرهێنان لەم كەرتەدا بكەین، بەڵام دوای ئەوەی كە دەستوورێكمان پێكەوە نووسی، لەوێدا ئەرك و دەسەڵات و مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە دیاری كران، لەوێدا زۆر بە ڕوونی دیارە، كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت چۆن سوود لەو سامانە سرووشتییە وەربگرێ و چۆن ئێمە بتوانین، سوود لەو دەستوورە وەربگرین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هاوكاریش بین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەموو عێراق.
بەداخەوە، هەندێكجار، ئەوەی پێشبینی دەكەیت وەكو خۆی نایەتە دی، ئێمە چاوەڕێی ئەوەبووین كە دوای پەسەندكردنی دەستوور، بەبێ جیاوازی، ئەم دەستوورە جێبەجێ بكرێت و دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا و زۆرجار بینیمان كە هەندێك كەس، بە حەز و ویست و ئارەزووی خۆیان، تەفسیری جیاوازیان بۆ دەستوور كرد و لە هەندێك شوێنیش، ئەم دەستوورەیان، یان جێبەجێ نەكرد یانیش لە بەرژەوەندیی هەندێك كەس جێبەجێ كرا، كە بەداخەوە خەڵكی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستانیش تێیدا سوودمەند نەبوون، هەروەك دەبینین لە زۆر شوێنی عێراق، خەڵكی عێراق، لە خزمەتگوزارییە هەرە سەرەتاییەكان بێبەشن، ئەمەش بەو مانایە نییە كە عێراق خاوەنی سامانێكی سرووشتیی زۆر نییە، بەپێچەوانەوە، سامانێكی زۆر لە عێراقدا هەیە بەڵام ئیدارەدانێكی خراپ هەبووە، بەداخەوە پێشێلكردنی دەستوور، یەكێك لەو هەڵانە بووە كە تاكوو ئێستاش بەردەوامە. هیوادارین دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی عێراق، ئێمە بتوانین لە بەغدا و هەرێمی كوردستان یاسایەك بەیەكەوە بنووسینەوە بۆ یاسای نەوت و غاز كە دواتر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بكرێت كە ئەمە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراق و كوردستانیشدا بێت.
ئەم پاڵاوگەیە، هەروەكوو بیستمان و بینیمان، دیارە بەپێی ستانداردێكی نێودەوڵەتی و جیهانی سوود لە تەكنەلۆجیایەكی پێشكەوتوو وەردەگرێت كە لە ڕووی ژینگەپارێزیشەوە، ئەمەی لەبەرچاو گرتووە كە ئەمە شتێكی زۆر گرنگە و پێویستە هەرهەموومان لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، رەچاوی ژینگەپارێزی بكەین، چونكە بەپێچەوانەی ئەوە، هەم ژینگە و هەم تەندروستیی هاووڵاتیانیش، دەخرێتە مەترسییەوە. من دەستخۆشیتان لێ دەكەم بەوەی كە ئەم بابەتە بە هەند وەرگیراوە و بەپێی ستانداردێكی بەرزی جیهانی كارەكانتان ئەنجام داوە.
بێگومان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕاستە گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی نەوت و غاز داوە، بەڵام ئەمە تەنیا كەرت نییە كە ئێمە بتوانین پشتی پێ ببەستین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرەتاوە، ئێمە بەرنامەی ئەوەمان هەبووە كە ئابووریی خۆمان هەمەجۆر بكەین و گرنگی بە زۆر كەرتی تریش بدەین، بۆ نموونە وەكو چەندین جار باسم كردووە، پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵییە، پیشەسازییە، گەشتوگوزارییە، لەگەڵ گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و ئەوانە هەمووی لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون، بەڵام ئەم جۆرە پرۆژانە، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پێشخستنی ئەم كەرتانەی تریش لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و فراوانتركردنی هەلی كار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی بە تایبەتی لەم كەرتەدا پێویستە بۆ خەڵكی كوردستان.
من زۆر كاتتان لێ ناگرم، جارێكی تر سوپاستان دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم ئەم پاڵاوگەیە، نموونەی زۆر بێ، لە كەرتەكانی تریش پرۆژەی ستراتیجی وا دروست بكرێ، لە هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێ، لە ئێوەش پیرۆز بێ، زۆر زۆر بەخێر بێن.