سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ كارل هاريس جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەبوونی هێزی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی و سازان تاووتوێ کران.