Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 1ی ئۆکتۆبەر ( تشرینی یەکەم)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکانی لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا ( سێنات) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، تاووتوێ کران.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا کە هەر جارێک سەردانی هەولێر و هەرێم دەکات، ئاوەدانیی و پێشکەوتنی بەرچاو دەبینێت . ئامادەیی ولاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە، بەتایبەتی هەماهەنگیی ئەمنی و بەرگری لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەروەها مێدالیی ڕێزلێنانی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنساشی، پێشکەش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت ، سوپاسی حکومەت و خەڵکی فەرەنسای کرد کە لە ڕۆژانی سەختدا، پشتیوانییان لە گەلی کوردستان کردووە، خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەکەڵ فەرەنسا دووپات کردەوە.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، کە کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، ئامادەی بوو.