Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕاگەیاند

* ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەین.


هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی راگەیاند.
لە گوتارێکدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگی ئەم ستراتیجییە کرد و گوتی : ئامانجمان لەم ستراتیجییە، ئەوەیە کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا، واتا تا کۆتایی ساڵی 2025 ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ببێتە یەکێک لە سەرلیستی حکومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجیتەڵکردن و حکومەتی ئەلیکترۆنی.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەیانیتان باش

بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە ڕادەگەیەنین، ئەویش ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵییە کە بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ستراتیجییەو کارکردنی بەردەوام و بێ وچان لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردن. هەروەها زۆر سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینی یەکگرتوو و بەتایبەتی کونسوڵی گشتیی بەڕێز دەیڤد هانت و تیمەکەی دەکەم کە ڕۆڵێکی گرنگییان هەبوو لە بەرهەمهێنانی ئەم ستراتیجیە و هاوکاریکردنی نووسینگەکەم لەو بوارەدا.

ئێمە ئامانجمان لەم ستراتیجییە، ئەوەیە کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا، واتا تا کۆتایی ساڵی 2025 ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ببێتە یەکێک لە سەرلیستی حکومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجیتەڵکردن و حکومەتی ئەلیکترۆنی . بۆ ئەم مەبەستەش، نەخشەڕێگەیەکمان هەیە کە دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە. ئەم نەخشەڕێگەیە، هاوكاری و ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەشی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییانە بکەن کە گرنگن و کاری لە پێشینەن بۆ ئەنجامدانیان.
لە مانگی هەشتی ئەمساڵ ، سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار کارا کرا. پاشان لە مانگی نۆدا، داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کردەوە کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها خزمەتێکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی زۆر باشتر و خێراتر و کاراتر ، خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەن. هەنگاوێکی زۆر گرنگیشە بەرەو برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراسی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی و بەهەردەردانی سامانی گشتی.
لە داهاتوویەکی نزیکدا و وەک بەشێک لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سیستەمێکی نوێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕادەکەیەنین، کە بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر و خێراتر و هەرزانتریش ، خاوەنکار و وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان، دەتوانن کۆمپانیاکانیان تۆمار بکەن، ئەمەش کاریگەری باشی لە بواری گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
پڕۆژەیەکی دیکەمان لە بواری دیجیتاڵی، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بخرێتەکار، سیتسەمی ( ڤیزای ئەلیکترۆنی E-visa) یە کە کارئاسانییەکی باش دەکات بۆ گەشتیياران و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
جارێکی دیکەش دەستخۆشی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەڕێز هیوا ئەفەندی و تیمەکەی و هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی ئەم ستراتیجییە .
لێرەدا پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامی کارکردن لە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت دووپات دەکەینەوە، کە یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەم.

بەڕێزان:
ئەم کارەی کە دەکرێ ماندووبوونێکی زۆری پێویست بووە و ئێمە زۆر جار کە باس دەکەین دەمانەوێ ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری دروست بکەین، ئەمە ئەو ژێرخانەیە بۆ یارمەتیدانی هەموو کەرتەکانی حکومەت تاکو بتوانین بە شێوەیەکی باشتر ئەم ژێرخانە دروست بکەین و جێی متمانەی خەڵک بێت و خێراتریش بتوانێت بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر هەنگاو بنێت.
لەوانەیە زۆر خەڵک ئێستا بۆیان بەدیار نەکەوێت گرنگی ئەم پڕۆژەیە چییە . ڕاستە وەکو باڵاخانەیەک نییە لەبەرچاو بێت خەڵک بیبینێت ، بەڵام دڵنیام دوای ماوەیەکی کەم ، هەست بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆژەیە چەند گرنگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان. لە ئەنجامدا ، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەین .

جارێکی دیکەش بەخێر بێن و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.