سەرۆکی حکومەت بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی لە زاخۆ دانا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 27 ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانا.
پڕۆژەکان بریتین لە دروستکردنی جووتسایدی ئیبراھیم خەلیل - باچیکا، دروستکردنی جادەی سەرەکی جووتساید لە ناحیەی دەرکار، دروستکردنی جووتسایدی باتیفا، دروستکردنی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی ئەردەوان لە زاخۆ ، دروستکردنی قوتابخانە لە گوندی دەشتمرێ، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدائاماژەی بە گرنگی ئەو ناوچەیە و قوربانیدانی خەڵکەکەی لە پێناو بەرگری لە کوردستان کردەوە و گوتی: هەرچی بۆ خەڵکی ئەم ناچەیە بکرێت، مافی خۆیانە.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایيکردنی لە ساڵوەگەڕی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتیشی: زاخۆ ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئێمە و لە شۆڕشەکانی کوردستان، قوربانی زۆری داوە و خەڵکێکی زۆری خاوەن شەهیدی تێدایە، بۆیە هەر شتێک بۆ ئەوان بکرێت حەقی خۆیانە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا، پرۆژەی زۆر هاتووەتە ئەنجامدان لە بواری ڕێگەوبان و كەرتی پەروەردە و تەندروستیی و كەرتی گەشتوگوزاری، چونكە بەداخەوە ئەو خزمەتەی كە شایانی خەڵكی زاخۆ بوو تا ئێستا وەك پێویست نەكرابوو، پێویستە خزمەتی خەڵكی ئێمە بكرێت و ئەوەی پێمان دەكرێت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی زاخۆ، كەمتەرخەمی ناكەین و بەردەوام دەبین.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە پێش ساڵێك وەك ئەوەی من تێی گەیشتم، گوتیان 60٪ی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكانی زاخۆ هێشتا قیرتاو نەكراون، ئێمە سەربەرزین كە ئەمڕۆ دەڵێن لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا، ئەو هەڵمەتەی بۆ قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی زاخۆ كراوە، زیاتر لە 30٪ی ئەو 60٪یە هاتووەتە ئەنجامدان و ئینشائەڵلا هەموو كۆڵانەكانی زاخۆ قیرتاو بكرێن و خزمەتێكی زیاتری زاخۆ بكرێت.سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی زاخۆ کرد لە ڕووی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزارییەوە و دووپاتیکردەوە، بەدووسایدکردنی ڕێگە و شەقامەکانی زاخۆ، کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەی دیکە کرد لە زاخۆ و گوتی هەندێك پرۆژەی دیكەمان هەیە هیوادارین ئەوانیش جێبەجێ بكرێن وەك شەقامی 60 مەتری زاخۆ، نەخۆشخانەی قەزای باتیفا و ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ كە هەمووی دەبنە دەرفەت، هەم دەرفەتی كار بۆ خەڵكی زاخۆ فەراهەم دەكەن، هەم هاوكار دەبن لە پێشخستنی بواری ئابووری، هەر بە تەنیا لە زاخۆ نا، بەڵكو بۆ هەموو كوردستانیش. هەروەها لە بەرنامەشماندایە، بەنداوێكیش لەم دەڤەرە دروست بكەین كە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لە بەرنامەی كابینەی حكوومەتدایە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سەرانسەری كوردستان، بۆ ئەوەی هەم هاوكاریی زیاتری جووتیاران بكرێت، هەم بابەتی ئاو كە بابەتێكی زۆر هەستیارە، ئەویش چارەسەر بكرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی: زاخۆ لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە ناوچەیەکی دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەڕ وپێکدادان لە ناوچە سنوورییەکانەوە، ناتوانین زۆر شوێن ئاوەدان بکەینەوە، هیوادارین ئەو شەڕە کۆتایی بێت و ڕێز لە سەروەری خاکمان بگرن، بۆ ئەوەی خەڵکمان بگەرێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و پڕۆژەی زیاتری گەشتوگوزاری جێبەجێ بکەین.