Skip to the content

سەرۆکی حکومەت : سەرەڕای قەیرانەکان بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نەوەستا

هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2023-2022 لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەرەش، لێدا .
سەرۆکی حکومەت ، لە گوتارێکدا ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی پەروەردە کرد لە پێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و تێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا، زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایانی کرد کە لە دوو ساڵی رابردوودا بە لە خۆبوردویی و ئەرکی بێوچانەوە، درێژەیان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دا و نەیانهێشت قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن. گوتیشی بەردەوامی ئەوان وایکردووە لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بین، سوپاسی کەسوکاری قوتابیان دەکەم کە یارمەتی منداڵەکانیاندا بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و ئەو بەرپرسانە دەکەم کە هاوکاربوون بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی : دەزانم لەم دوو ساڵەی ڕابردوو ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، لەم دواییەش چەندین قەیرانی دیکە لە جیهان سەریان هەڵەدا، کە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبێت، بەتایبەتی کاریگەری لە ئابووری وڵاتان کردووە، ئێمە لە کوردستان ڕەنگە زیاتر هەستمان بەو سەختیە کردبێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە ئێمە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی کوردستان بە تایبەتی مامۆستایان، کە بەردەوام بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر بەو هەموو سەختیەی ژیان، کە چەشتوویانە، بەڵام دڵنیابن حکومەتی هەرێم درێخی نەکردووە و درێخیش ناکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی هەن چارەسەریان بکەین، ئەمە قۆناخێکی درێژخایەنە و ڕەنگە ئێمە نەتوانین بە شەو و رۆژێک هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە هەوڵدەدەین ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستاندا دروست بکەین، ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوو، هەوڵمان بۆیداوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا، بەرهەمەکەی دەردەکەوێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئێمە ئابوورییەکمان هەبێت بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات، هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە سەرکەوتووبێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوو دروست بکەن.

سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیش، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵماداوە چەندین قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان نۆژەن بکەینەوە، حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە سوپاسی کەرتی تایبەتیش بکەم کە یارمەتیدەری حکومەت بووە لە دروستکردنی هەندێک لەو قوتابخانانە، هیوادارم بەردەوامبن لە یارمەتیدانی حکومەت و ڕەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ڕوونیکردەوە کە وەزارەتی پەروەردە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە، بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابییان دەربارەی گرنگیدان بە چەندین بەهای نیشتمانیی لەوانە خۆشەویستی بۆ وڵات و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگە. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت گوتی : لێرەوە بە قوتابیانی خۆشەویست دەڵێم، پێویستە خۆشەویستیتان بۆ وڵاتەکەتان، بۆ ئەو سرووشتە جوانەی وڵاتەکەمان و بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە یەکتر و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی خۆمان، لە سەرووی هەموو شت بێت، جگە لەوەی هەوڵدەدەن لە خوێندن سەرکەوتووبن، پێویستە ئەو بەها بەرزانە لەبەرچاو بگرن، ئێمە سەربەرزین بەوەی ڕێز لە هەموو ئایین و نەتەوەکانی دیکە دەگرین و بەیەکەوە دەژین، ئەمە سیمایەکی دیاری وڵاتەکەمانە و پێویستە بەو شێوەیەش بمێنێتەوە. ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست دوارۆژی وڵاتەکەمانن و داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەوێتە دەست ئێوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی قەزای بەردەڕەش دا وەک ناوچەیەکی دیاری بەرهەمداری کشتوکاڵیی، لەمبارەیەوە گوتی: لە ماوەی رابردوو وەکو حکومەتی هەرێم، گرنگی زۆرمان بەوەداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین، لەم دەڤەرە پەتاتەیەکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت و هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، پێویستمان بە جووتیار و زانستکاری باشتر و ئەندازیاری باشتر هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە ئەمڕۆ و لە ئێوەوە دەست پێدەکات، ئەگەر بتوانن لە خوێندن سەرکەوتووبن دڵنیابن کە دەتوانن ببن بە کەسی باشتر و وڵاتەکەمان هەنگاوی باشتر بەرەو پێشەوە بنێت".