سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ مایکل کورێللا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ( CENTCOM )کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا ئامادەی بوو، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە تاووتوێ کرا.
جەنەرال کورێللا قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە بەردەوامیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و کورتەیەکی دەربارەی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خستەڕوو .
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.