بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی فیدرال ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت واژۆ کرا
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی نیسانی 2023، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال كرا، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا ، كە رێككەوتنێكی كاتییە تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال یان یاسای نەوت و غاز.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، جەختی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە وەك خۆی و لە نزیكترین دەرفەتدا کردەوە تاوەكوو ببێتە بنەمایەك لەپێناو پتەوكردنی گیانی هاوبەشی و قووڵكردنەوەی متمانە لەنێوان هەردوو لادا.
سەرۆك وەزیرانی فیدرال، هیوای خواست كە ڕێككەوتنەكە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گوتی: ”بەرژەوەندیمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەكانە“.
هەروەها ڕوونیكردەوە كە ئەم ڕێككەوتنە ، دەبێتە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردنی هەردوو یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و یاسای نەوت و غازی فیدرال بە گیانێكی هاوبەش، پاش پەسەندکردنیان.
دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدرال، لە ڕێوڕەسمێکدا ، ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش واژۆکرا .
پاشان هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە وردەكاریی ڕێككەوتنەكە كرد و وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسانیشیان دایەوە.
بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنەکە ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێ بکاتەوە.