Skip to the content

سەرۆکی حکومەت : نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بە یەکسانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین بکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە 8/14 لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند کۆڵان و گەڕەکێکی شاری دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە خواست و داوکارییەکانی خەڵکی ئەو گەڕەکانە بوو.
سەرۆکی حکومەت هەرەها چەند ماڵێکی لەو گەڕەکانە بەسەرکردەوە و گوتی: نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بە یەکسانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین بکرێت و پێویستە هەموو وەک یەک خزمەتگوزارییان پێ بگات.
سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: ئامانجی ئەم سەردانە بۆ ئەوەبوو، بزانین چ جێگەیەک خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە، تا هەموو شوێنەکان خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک (ئاو، کارەبا، تەندروستی و قوتابخانە)یان پێ بگات.
داواشی لە پارێزگاری دهۆک کرد، زیاتر گرنگی بەو گەڕەکانە بدەن کە بەپێی پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە. هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆکیش کرد، هاوکاری فەرمانگەکانی حکومەت بکەن لەکاتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی سەرپێچی و کاری نایاسایی.