Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 8/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتيى هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد کە لە جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت سوپاسی جەنەرال ماکفەرلین-ی کرد بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست .
سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کرد و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکومەتی هەريمی کوردستانی لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕی.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو .