سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات
![](/media/21385/photo_1_2023-08-07_13-46-59.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190800000000)
ئهمڕۆ دووشەممە 8/7 مەسرور بارزانی سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ڤۆلکەر تورک کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کرد.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە گەلی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا ، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و جێنۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی داوە ، بۆیە زۆر بە گرنگییەوە لە پرنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی دەڕوانێت و داوا دەکەین کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلەکەمان بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیمان بدات بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان و پێویستە ڕێگە بگرن لە دووبارەبونەوەی کارەسات و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییە گشتگیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی پلانی پەسەندکراوی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی و بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان. دووپاتیشی کردەوە کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ .
بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتە نەرێنییە هەمەلایەنەکانی گۆڕانی کەشو هەوا لە سەر ژیانی مرۆڤ و برەودان بە هوشیاریی ژینگەپارێزی ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو