پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024
ئەمڕۆ یەکشەممە 12/31، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی، سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بارودۆخێکی سەختیان بەڕێ کرد. سەرۆکی حکومەت داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد
کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان و لەپێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.
ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت.
سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێ کرد. هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەک مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مانگانە مووچەکانیان بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان وەربگرن.
داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان و لەپێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.
جێی خۆشحاڵییە کە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام بدەین. هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی كرد.
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بێت بە گشتی، و ئاشتی و ئارامی جێگیر بێت و ساڵی دەستکەوت و گەشەپێدان و بووژانەوەی گشتگیریی کوردستان بێت.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/12/31