سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین کۆبووەوە
![](/media/17849/photo_2023-01-18_13-03-27.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190640000000)
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ عەبدوڵلا بن عادل فەخرۆ ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین ، سڵاووڕێزی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەینی شێخ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە . وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین ئاماژەشی بەوە دا کە بڕیارە لەگەڵ شاندێکی گەورەی بازرگانی، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات .
سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.