پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان
ڕۆژی دووشەممە، ٣١ى تەممووزی ٢٠٢٣، لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی؛
ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێ دەپەڕێت، کە جینۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون؛ دەستگیر کران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران.
ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس، دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤییانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران.
جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بە هەمان عەقڵییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانیی داوە و ڕووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە، لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت.
دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی ڕابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیانتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم ڕاپەڕیون و بە هۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین.
لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەویی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بە پێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.
لە ساڵڤەگەڕی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، سەری ڕێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها ڕێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە، بەڵام توانیان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن. سوپاسی جوامێری و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/7/31