Skip to the content

سەرۆکی حکومەت نەخۆشخانەی دوکتۆر سوبحی یەعقووبی بۆ منداڵان دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی ئادار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، (نەخۆشخانەی دوكتۆر سوبحی یەعقووبی بۆ منداڵان) کردەوە کە تایبەتە بە فریاکەوتن و چاودێری چڕی منداڵان و لە سەر ئەرکی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارگرووپ دروست کراوە.
سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە بەشە جۆراوجۆەکانی ئەم نەخۆشخانە نوێیەی بەسەر کردەوە کە یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی بڕیارە پڕۆژەی ( هەژماری من) و پارەدانی دیجیتاڵی تێدا جێبەجێ بکرێت .
پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە پێشکەوتوویی نەخۆشخانەکە کرد کە دەتوانێن زۆرێک لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت گوتی “ ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتن و چاودێریی چڕی منداڵانی هەولێرمان كرد كە بە سوپاسەوە كاكە شێخ باز لەسەر ئەركی خۆی دروستی كردووە. ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستی بە تەمان تەسلیمی وەزارەتی بكەن بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست. هەرچەندە نەخۆشخانە شوێنێك نییە كە مرۆڤ تەمەننا بكات كەسێك پێویستی پێ بێت و سەردانی بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم كە ئەم نەخۆشخانەیەی ئەمڕۆ بینیم، بەو كوالێتییە بەرزەی كە دروستیان كردووە، دەتوانێت زۆرێك لە كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكات. ئینشائەڵا كەس پێویستی پێ نەبێت، بەڵام ئەگەر منداڵ یان هاووڵاتیان پێویستییان بەوە بوو سەردانی ئەم نەخۆشخانەیە بكەن، مرۆڤ بە شانازییەوە دەتوانێت بڵێت كە بە شێوازێكی زۆر سەردەمییانە دروست كراوە. هیوادارم هەروا بەردەوام بێت و بتوانێت لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت“.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی : هیوادارم كوردستان ببێت بەو شوێنەی كە هەموو پێداویستییەكانی خۆمانی تێدا بەدەست بهێنین و لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بین. من جارێكی تر دەمەوێ سوپاسێكی گەرمی كاكە شێخ باز بكەم بۆ ئەو ئەركە و ئەم كارە جوانەی كە كردوویانە، دەستخۆشی لێ دەكەم. داوا لە وەزیری تەندروستیش دەكەم، ئەوانیش بتوانن بەردەوامی بدەن بەوەی ئەم نەخۆشخانە پێشكەوتووە بە زووترین كات بخەنە خزمەتی هاووڵاتیان“.