سەرۆکی حکومەت بەشداری لە پرۆسەی دروێنەکردنی دانەوێڵە لە پارێزگای هەولێر دەکات
ئەمڕۆ شەممە 5/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانی پرسی و بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرە کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت.
سەرۆکی حكومەت گوتیشی، ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت .