سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 5/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی و دەوڵەمەندی دەڤەرەکە لە ڕووی کشتوکاڵیی و گەشتوزارییەوە کرد کە دەڤەرێکی ستراتیژیەو هەر سێ پارێزگای دهۆک و هەولێر و موسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕی زیاتر لە 257 ملیار دینار، چەندین پڕۆژەی گرنگ لەم ناوچەیەدا ئەنجامدراون و لە بەرنامەشدایە پڕۆژەی دیکە جێبەجێ بکرێن .
سەرۆکی حکومەت بەرپرسانی ناوچەکەی ڕاسپارد هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکە بکەن .