سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 10/10، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکان سیاسیین و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەکی فیدڕاڵ پارێزراو بن.
باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاماژەی بە پێشکەوتوویی داتا سەنتەری ناوەندی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریى حکومەت کرد کە پێویستە ببێتە نموونە بۆ هەموو عێراق و حکومەتی فیدراڵیش، سەنتەر و دامەزراوەی پێشکەوتووی هاوشێوە دابمەزرێنێت.
باڵیۆزی بەریتانیا هەروەها بە ڕێز و پێزانینەوە باسی لە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد.