Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان دەبم

* كار بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی دەکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە10/31، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش، لە هەولێر بەڕێوەچوو کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی ڕەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women) ڕێکخرابوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێيدا جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، كار دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو حکومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز:

ڕۆژتان باش

دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی ڕەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە کە تایبەتە بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی ژمارە 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش.

ئەم بڕیارە، یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و مێژووییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی لەسەر گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان بە گشتی هەبووە، بە تایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی کە شەڕ و ناسەقامگیرییان تێدایە و ئافرەتانیش قوربانییەکی سەرەکی شەڕو جەنگن.
ئامانجی سەرەکی لەپشت دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لە کاتی شەڕ و جەنگدا و هەروەها برەودانە بە بەشداری ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و کاراکردنی ڕۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگە داراییانەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئێمە هەوڵمانداوە بەپێی توانا، بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەرخان بکەین و بەردەوامیش دەبین و هەرچی پێویست بێت بۆ درێژەدان بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە دەیکەین.

کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمی کوردستان بە گشتی، ساڵانێکی زۆرە قوربانی شەڕ و ماڵوێرانین. خەڵکی کوردستان به‌ درێژایی سەدەی ڕابردوو، ڕووبەڕووی شەڕ و هێرش و پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری زۆر بووەتەوە و ئافرەتانی کوردستانیش، هەمیشە قوربانییەکی سەرەکی ئەم شەڕ و پەلامارانە بوون.
لە ساڵانی هەشتاکاندا، خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، دووچاری دڕندانەترین شاڵاوی جینۆساید هاتن و لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا، دەیان هەزار خەڵکی بێتاوانی لە کوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفالکران و شەهید بوون، کە بەشێکی زۆریان ئافرەت بوون.
هەروەها لە کاتی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، بە هەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزیدیمان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران. بە هەمان شێوە کریستیان و کاکەیی و گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، لە ستەم و زۆرداری و کارە تیرۆریستییەکانی داعش بێ بەش نەبوون .

لە دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئازادکردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد، کە خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد کراون و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی ماون.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگی و پێویستیى جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بهێنرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.

سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و کۆمەڵکوژيیانەی لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی لە دەست تیرۆر و شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکانی تری عێراق پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و لێرەش بەوپەڕی خۆشەویستيیەوە، میوانداری کراون کە ئەمڕۆش سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بە ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان دەژین. دووپاتیشی دەکەینەوە کە گوتاری ئێمە هەمیشە گوتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت.

بەڕێزان:

ئافرەتانی کوردستان هەمیشە ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە مێژووی گەلەکەماندا هەبووە و لە هەندێک قۆناخ و شوێندا، ڕۆڵی سەرکردایەتییان بینیوە و لە قۆناخە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیشدا، بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا كردووە کە مایەی شانازیمانە.

لە دوای سەرهەڵدانی ئاداری 1991 و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵ و بەشداری ئافرەتانی کوردستان، لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا، زیاتر پەرەی سەند و ئێستا بە شداری ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا، ڕۆڵێکی گرنگ و دیارە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، كار دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت.

ئێمە لە ئاستی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی یەکسان لە دەوڵەتسازی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی کوردستاندا بەشدار بن. لەسەر ئاستی خۆجێییش کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانيان دەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بەشداربن .

هەروەها لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەماهەنگی دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش) کە دەنگیان ببیسترێت و هاوکات دەرفەتیشیان بۆ دەڕەخسێنین خۆشیان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیاری 1325 و لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی هەموولایەکمانە.

دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەم و ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەبم بۆ ئەوەی بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.
هەر شاد و سەرفیراز بن .