سەرۆکی حکومەت لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆى کاتۆلیکی لە هەولێر: بایەخدان بە خوێندن و پەروەردە هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە
![](/media/23092/photo_3_2023-10-24_17-34-44.jpg?crop=0,0.043299505594587562,0,0.16981524850377308&cropmode=percentage&width=1200&height=630&rnd=133433190890000000)
ئەمڕۆ سێشەممە 10/24، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کاتۆلیکی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کاتۆلیکی هەولێر کرد کە لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکهاتوون.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و پابەنديی حکومەتی هەرێمیشی بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان، دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە بایەخدان بە کەرتی پەروەردە و خوێندن، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بووە و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەیی و زانکۆکانمان.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەت گوتی: پێشتریش باسم لەوە کردووە کە ئامانجمان ئەوەیە کوردستان بکەینە نیشتمانێکی پڕ لە زانست و زانیاری، لەم ڕووەوە سامانی مرۆیی و بەتایبەتی گەنجەکانمان، بەنرخترین سەرمایەی نیشتمانی ئێمەن و شایانی ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانین.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ڕۆڵی دەرچووانی زانکۆ لە کوردستان کرد کە دەتوانن لە زۆر بواردا هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن. بۆ نموونە زۆر کێشە و قەیرانی جیهانی هەیە وەک کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی و کەمی خۆراک و هەژاری کە ئەمڕۆ بەرۆکی زۆر ناوچە و دەڤەری جیهانيان گرتووە. لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە کوردستان گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشە و قەیرانانە و ڕێگەچارەکانیان دەکرێ و دەرچووانیش دەبنە بەشێک لەو گفتوگۆیانە، و ڕێگەچارە و ئەلتەرناتیڤ پێشکەش دەکەن.