سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانکی ناوەندی، لە بوارەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیریی ئابووری، کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پرۆژە و دەستپێشخەری (هەژماری من) کرد و سوپاسی پشتیوانیی و هەماهەنگیى پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییاندایە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون و برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاری لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی داراییدا.