سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتيی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 10/17 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان و پێشخستن و ڕاکێشانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین تاکوو هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. لەم ڕووەوە کاری زۆر کراون، بەڵام کاری زۆرتریش دەکەین بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکرێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەبەرهێنان، پێویستی بە سیستەمێکی بانکی کارا و باوەڕپێکراو هەیە، بۆیە دەستمان بە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی چاکسازی لە بواری سیستهمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان کردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشتبەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت و سەرەنجام ئابووری هەرێم زیاتر ببووژێتەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین بڕیار لە بارەی نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دران.