سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات
ئهمڕۆ پێنجشەممە 9/21 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کرا .
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسهی چاکسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و هەنگاوەکانی یهکخستنهوهی هێزەکانی پێشمهرگه و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی. لهمبارهیهوه سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سووریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرئەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا . هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.