سەرۆکی حکومەت: گرنگییەكی زۆر بە بەهێزكردنی سیستەمی بانكی و بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان دەدەین
ئەمڕۆ دووشەممە 9/25 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پڕۆژەی ( گەشانەوە) ڕاگەیەنرا کە بریتیيە لە
دابینكردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كارەكانیان گەشە پێ بدەن لە ڕێگەی قەرزی بانكییەوە كە لە ڕێگەی بانكەكانی كەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت .
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پلان و كارنامەی حكومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت كە بێگومان لە ساڵانی رابردوودا، هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە هاوكار و هەماهەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەیەكەوەین بۆ ڕاگەیاندنی ئەم پڕۆژە گرنگە. لە هەمانكاتدا ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێكی مێژووییە، یادی ڕۆژی سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە بەرانبەر بەو ستەم و نادادپەروەرییەی كە دەرهەق بە خەڵكی ئێمە دەكرا كە بەداخەوە تاوەكوو ئێستاش ئاسەواری ئەم نادادپەروەرییە ماوە و ئێستاش هەندێك كەس یان هەندێك لایەن هەن كە پێیانوایە دەبێ خەڵكی كوردستان تەنیا بۆ دەربڕینی ئارەزووی خۆی بۆ مافێك، دەبێ سزا بدرێ. ئەو مافەی كە هەموو نەتەوەكان بۆ خۆیان بە مافێكی سرووشتی دەزانن، بەڵام تەنیا ئارەزووكردنیشی بۆ خەڵكی كوردستان بە حەرام دەزانن.
ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە بەیەكەوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بژین و هەموو هەوڵ و تەقەڵای ئێمە بۆ ئەوە بووە كە خەڵكی ئێمە بە ئازادی بژین. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم نەریت و ئەم ڕەوت و ڕێبازە كە ڕێز لە هەموو نەتەوەكان بگرین و بەیەكەوە بتوانین وڵاتێكی خۆشتر و باشتر ئاوەدان بكەین.
لە سەردانم بۆ بەغدا پێش چەند ڕۆژێك، بەڕێزێك پرسیارێكی لێ كردم، گوتی ئێوە پابەندن بە عێراق؟ منیش گوتم لەسەر ڕەفتاری ئێوە دەمێنێت. پابەندبوون یان وەلاء بۆ وڵاتێك بە ترساندن و تۆقاندن و بە سیاسەتی ڕق و كینە، بە نادادپەروەری و بە برسیكردن دروست نابێت. پێویستە پابەندیی یان وەلاء بۆ وڵات لەسەر بنچینەی ئەوە بێت كە یەكسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی ببن بە بنەمای بەیەكەوەژیانی گەلان لە وڵاتێكدا، ئێمە داكۆكی لەسەر ئەو بنەمایانە دەكەینەوە كە پێویستە هەموو گەلان لە عێراق یەكسان بن و دادپەروەریی بەرقەرار بێت و سیاسەتی گەشەكردن یان پێشكەوتنی ناوچەیەك لە ناوچەكانی تر بە سەركەوتن حیساب بكرێت، بە هیچ جۆرێك ئێمە نەكەوینە ململانێ دژی یەكتر.
ئێستا كەشێكی ئەرێنی دروست بووە، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بڕوایان بە ئاشتی و دیموكراسیيەت و ئازادی و پێشكەوتن هەیە، بتوانین وڵاتێكی خۆشتر و ئاوەدانتر بینا بكەین.
من خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پرۆژەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین كە پرۆژەی (گەشانەوە)یە و بریتییە لە دابینكردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كارەكانیان گەشە پێ بدەن لە ڕێگەی قەرزی بانكییەوە كە لە ڕێگەی بانكەكانی كەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت.
ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پلان و كارنامەی حكومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت كە بێگومان لە ساڵانی رابردوودا، هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە هاوكار و هەماهەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
بەهێزیی كەرتی تایبەت لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، بنەما و مەرجێكی سەرەكیی بەهێزیی ئابوورییە، یەكێك لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی سەركەوتنی كەرتی تایبەتیش. هەبوونی سیستەمێكی بانكیی بەهێز و كارایە كە ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات.
لە هەرێمی كوردستان، بەپێی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان، بزنسی بچووك و مامناوەند زیاتر لە 50٪ی جموجۆڵ و چالاكیی بازرگانی و هێزی كاری كەرتی تایبەت پێك دەهێنێت. لە هەمان كاتدا یەكێك لە گرفت و بەربەرستە سەرەكییەكانی بەردەم كاری بازرگانی لە كوردستان، بریتییە لە نەبوون و دەست نەگەیشتن بە پاڵپشتیی دارایی كە خاوەنكارانی كوردستان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە ، نەیانتوانیوە بزنسەكەیان فراوان بكەن.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو، هەبوونی سیستەمێكی بانكیی هاوچەرخ، هاوكار و یارمەتیدەرێكی بەهێزی بزنسەكانە و خزمەتگوزاریی دارایی و كارئاسانییەكی زۆریان پێشكەش دەكات، ئێمە هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆرمان بە بابەتی بەهێزكردنی سیستەمی بانكی و بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانین كەشێكی لەباری بازرگانی دەستەبەر بكەین، پەرە بە پلانەكانمان لە بواری هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات بدەین.
پرۆژەی (گەشانەوە) كە لە لایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، قەرز بە بڕی تا 150 ملیۆن دینار دەدات بەو بزنس و خاوەنكارانەی كە خوازیارن كارەكانیان فراوان بكەن، ئێستا خاوەنكاران دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵێكی ئۆنلاینەوە رێنماییەكانی داواكردنی قەرز ببینن و بۆ ئەو مەبەستە داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن. ئەمە یەكەمجارە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ڕێكخراوی كارساز و بانكی تایبەت و بە شێوازی سەردەمییانە قەرز بدات بە خاوەن كارەكان بۆ فراوانكردنی كارەكانیان. هەروەها یەكەمجاریشە بەهێزیی كۆمپانیاكان دەبێتە پێوەر بۆ وەرگرتنی قەرز بەبێ داواكردنی هیچ رەهنێك كە ئەمەش هەوڵێكی جددییە بۆ گەشەپێدانی كەرتی تایبەت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی تایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە تایبەتی جەنابی وەزیر خاتوو كوێستان محەمەد و تیمەكەی بكەم كە تیمەكەی بە هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی پەرەپێدانی بازرگانیی - نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، كاریان كردووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرنگە. هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و بانكی جیهان دەكەم بۆ رۆڵی دیاریان لەپێناو سەرخستنی ئەم پرۆژەیە. دەستخۆشی لە تیمی كۆمپانیای (تۆپ ماونتن Top Mountain ) دەكەم كە ئەركی هەڵسەنگاندنیان بۆ بزنسەكان كردووە و ڕاهێنانی پێویستیان بە ستافی ئامادەكار كردووە، بۆ هاوبەشیی تەكنیكیی پڕۆژەی گەشانەوەش، زۆر سوپاسی هەردوو ڕێكخراوی (IOM وGIZ) دەكەم بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژەكە.
لە كۆتاییدا دەمەوێ دڵنیاییەكی تەواو بدەمە خاوەنكارەكانمان كە یەكێك لە ئەركە لەپێشینەكانمان هاوكاریكردن و بەهێزتركردنی كەرتی تایبەتە، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بتوانین زیاتر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدەین و خزمەتگوزاریی باشتر و شایستەتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەین.
ئێوە هەر لە خۆشی و شادیدا بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.