سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 9/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد .
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ، تاوتوێکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا . سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن ، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە. بۆیە پێویستە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوو و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان.
بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک. لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئاساییکردنەو گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی کەرکووک کرا.