سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبوونەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/14 لە شاری بەغدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدرال و شاندی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها دووپاتیکردەوە، کە نابێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت بیری هەموو لایەکی هێنایەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووەو هەمان چاوەڕوانییان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵ بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی بدرێت لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشیگەیاند؛ بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.