پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش
ئەمڕۆ (33) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە.
ئەم بڕیارە گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک هات.
بڕیاری 688، وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لەپێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بە تایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران، هەرگیز لەیاد ناکرێت. هەروەها پشتگیریی خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەڕێزان جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمان کاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/5