سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 4/30 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردندا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەینەوە کە جێی متمانە بێت و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت و گەرەنتی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چەند بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.