Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی

لە (44)ـەمین ساڵڤەگەڕی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، بە ڕێز و شکۆوە یادی هه‌موو ئەو خوشک و برایانەی کوردی فەیلی دەکەینەوە کە لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنیا لەبەر کوردبوونیان و پشتگیریکردنی شۆڕشی گەلی کوردستان، دووچاری گرتن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن و لێسەندنەوەی ناسنامە بوونەوە.
جینۆسایدی کوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیرنەکراوە و بەشێکە لەو تاوانانەی کە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجام درا. بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێیتی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کوردی فەیلی و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بکاتەوە.
لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2024/4/4